لە چوارچێوەی پرۆژەی (هاوکاری نێونەتەوەیی بۆ بەهێزکردنی یەکسانی و دیموکراسی لە کوردستان) کە بەسەرپەرشتی کۆمیتەی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان لە سوید، بە هاوبەشی رێکخراوی پاو لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، سیلڤی جاکلین ندۆنگمۆ، سەرۆکی بۆردی یەکێتی نێونەتەوەیی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی WILPF بانگهێشتکرا بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونی کارکردن.
رۆژی هەینی، ٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، سیلڤی جاکلین ندۆنگمۆ بە یاوەری هەڵاڵە رافع بەرپرسی کۆمیتەی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان، کانیاو بایز لە رێکخراوی فریاگوزاری میللی (پاو)، سەردانی لالشیان کرد و لەگەڵ مەیان خەیری سەعید نوێنەری ژنانی ئێزیدی کۆبوونەوە.
لە سەردانەکەدا گفتووگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێزیدییەکان لە دوای تاوانکارییەکانی داعش، بە تایبەت ئەو هەزاران کەیسەی ژنان کە بێسەروشوێن ماونەتەوە کرا، ئاوارەبوونی ئێزیدییەکان لە نێو کامپەکاندا یەکێکی دیکە بوو لە تەوەری باسەکان.
سیلڤی جاکلین ندۆنگمۆ، جەختی لەسەر بەردەوامی هاوکاری و خستنەڕووی ئەو دۆخە لە ئاستی نێونەتەوەیی و جیهانیدا کردەوە کە لە هەوڵی ئەوەدا بن کە بەشێوەی مەیدانی کاری لەسەر بکەن.
WILPF لە ساڵی ١٩١٥ دروست بووە و هەر لەو ساڵەدا یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە هۆڵەندا بەستووە. ئەم رێکخراوە یەکێکە لە کۆنترین ڕێکخراوەکانی ژنان لە جیهاندا کە ئەندامی لە ٤٠ ووڵاتدا و لقی لە ووڵاتانی ئەوروپا، کەنەدا، ئەمریکا، بەریتانیا و ئوستورالیا هەیە.
سیلڤی جاکلین ندۆنگمۆ وەک سەرۆکی نێودەوڵەتی رێکخراوەکە، پەرۆشی خۆی بۆ هاوکاریکردنی ژنانی ئێزیدی و بێسەروشوێنان دەربڕی و بەڵێنیدا هەوڵی کارکردن بدات لەمبارەوە.
بە گوێرەی ئاماری نوسینگەی کاروباری ئێزیدییەکان، لە دوای هێرشی داعش بۆ شەنگال و دەوروبەری لە ئابی ٢٠١٤دا، لە کۆی ٥٥٠ هەزار ئێزیدی نیشتەجێی ناوچەکە، ٣٦٠ هەزار ئێزیدی ئاوارەبوون و لەو ژمارەیە ١٠٠ هەزار کەسیان کۆچیانکردووە بۆ دەرەوەی عێراق، دواتر لە ساڵانی داهاتوودا ١٥٠ هەزار کەس لە ئاوارەبووان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.
هەروەها، شەش هەزار و ٤١٧ ئێزیدی لە ماوەی هێرشەکانی داعش بۆ شەنگال بێسەروشوێن و دیلکراون.
لە کۆی ئێزیدییە بێسەروشوێن کراوەکان سێ هەزار و ٥٤٨یان ژن و منداڵ بوون و دوو هەزار و ٦٨٩یان پیاو بوون.
تا ئێستا هەزار و ٢٠٦ ژن و ٣٣٩ پیاوی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگاربوون و تەرمی ١٠٤ ژنی رفێندراو دۆزراونەتەوە و چارەنووسی ئەوانی دیکە نادیارە و هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە.
هەرچەندە دۆخی ئێزیدییەکان دوای هێرشەکانی داعش جێی سەرنجی جیهان و رێکخراوە مرۆییەکان بووە بەڵام تا ئێستا کاری پێویست بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنان نەکراوەو هاوکارییان نەکراوه بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانی خۆیان.
[g-itg gid=”2317″ width=”100%” img_h=”75%” img_num=”4″ font_size=”3″ random=”1″ watermark=”1″][/g-itg]