لەبارەی ڕێکخراوەوە Om IKKR
کۆمیتەی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان
IKKR ڕێکخراوێکی خۆبەشی فێمینیستییە، وابەستەیی سیاسی و ئایینی نیە. کار لەپێناو بنبڕکردنی هەموو شێوازێکی توندوتیژی بەرانبەر بە ژن و کچان دەکات، هەم لە ئاستی تاکەکەس و هەم لە ئاستی گرووپدا، هەروەها یارمەتی و پشتگیریی و ڕێنوێنی پێشکەش بە ژن و کچی دووچاری توندوتیژی و هەڵاواردن دەکات.
زمانی کارکردنمان: سوێدی، ئینگلیزی، کوردیی ناوەند (سۆرانی) و کوردیی باکوور (کرمانجی)، عەرەبی، فارسی، داری و پێشتۆ.
ئامانجی ڕێکخراوەکە ئەوەیە کە بەشدار بێت لە بنیاتنان (دروستکردن)، پاراستن و گەشەی کۆمەڵگای دیموکرات و یەکساندا، کە تێیدا ژن و کچ لە هەموو مافە ئینسانیکانیان بەهرەمەند بن. لەناو ئەم چوارچێوەیەدا IKKR بەتایبەت کار لەسەر ئەوە دەکات، تیشک و سەرنج بخرێتە سەر دۆخی ژنی پەنابەر/کۆچبەر وپشتگیرییان بکات، هەم لە ڕووی دووچاری توندوتیژیهاتن و هەم بەرگریکردن لە خۆیان و هەم خۆگونجاندنیان لەناو کۆمەڵگادا و ژیانێکی شایستە و سەربەخۆیان هەبێت. ئەوەش ئامانجە، کە هانی گفتوگۆکردن و تێگەیشتنی هاوبەش بدرێ لەنێوان ژنی پەنابەر و ژنی لەدایک بووی ئێرە، هەروەها لەنێوان ژنانێک بە شووناس و ئێتنیکیی جوداوە.
بەخێرهاتنی هەموو کەسێک دەکەین کە ڕێز لە پەیڕەوی ناوخۆی IKKR دەگرێت.
مێژووی ڕێکخراوەکە
IKKR – کۆمیتەی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان- ساڵی ١٩٩٤ لە ستۆکهۆلم، لەسەر دەستی پێنج ژن دامەزرا، کە پێشتر لە کوردستانی عێراقەوە چالاک بوون لە پرسی یەکسانی و بەتایبەتیش دژی توندوتیژیی پیاو بەرانبەر بە ژن و توندوتیژیی پەیوەست بە شەرەف و جیاکاریی ئێتنیکی. لە سەرەتادا ڕێکخراوەکە بە ناوی “کۆمیتەی عێراقی بۆ مافەکانی ژنان” دامەزرا و لە هاوینی ساڵی ٢٠١٨ ناوی گۆڕا بۆ “کۆمیتەی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان”.
ئێمە هەر لە سەرەتاوە کارمان لە ئاستی دورمەودادا لەسەر دروستکردن و هەڵخڕاندنی ڕای گشتی و لە کورت مەودادا پشتگیریی ڕاستەوخۆی ئەو ژن و منداڵانە کردووە کە دووچاری توندوتیژی هاتوون. هەروەها کارمان لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژی لەناو ئەو خێزانانەی کە ئەزموونی پەناهەندەیی/ کۆچکردنیان هەیە کردووە. لەناو چوارچێوەی کاروباری IKKR دا، ساڵی ٢٠٠٧ “نینا – خانەی پاراستنی ژنان” و ساڵی ٢٠١٠ “سەنتەر/ بنکەی ڕێنمایی و پاڵپشتیی – نینا” بۆ خێزان و گەنجان دامەزران.
بەدرێژایی ئەم ساڵانە لەنێو چالاکیەکاندا خولی فێربوونمان ڕێکخستووە، زانیاری پسپۆرانەو رێنوێنیمان پێشکەش بە دامودەزگای خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، پۆلیس، تەندرووستی و کۆچ، هەروەها ڕێنماییدەری خێزان، پێداگۆگ و ڕێکخراوە خۆبەخشەکان کردووە.
کاری هاوبەش Samverkan
کۆمیتەی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان IKKR ئەندامە لە یەکیەتی سەراسەری ڕێکخراوو خانەکانی پاراستنی ژنان و کچان لە سوید UNIZON و چالاکانە بەشداریی لە کاروبارەکانی UNIZON دا دەکات.
IKKR هەڵسوڕاوانە هەر لە سەرەتاوە گەشەی کردووە و هاوکاری و کاری پێکەوەیی لەگەڵ ڕێخراوی تری هاوشێوەیدا و کەسانی پەیوەندیدار لە سوێد، ئەورووپای ڕۆژئاوا، عێراق، ئێران، تورکیا و کوردستاندا، جێگیر کردووە. لە کارە پێکەوەییەکان لەگەڵ ئەو لایەن و کەسانەدا پرۆژە، کۆنفرانس، خولی فێربوون، کۆڕ و کۆبوونەوە و کەمپینی جیاوازی ڕێکخستووە.
چەندان ساڵە IKKR چالاکانە بەشداری لە گەشەی دیموکراتی و یەکسانی لە کوردستانی عێراق و عێراقدا کردووە، بە کۆمەکی پرۆژە لەوانە لە (سەنتەری پالمێ)وە.
لەم بارەیەوە دەتوانیت لێرە زیاتر بخوێنیتەوە.
سەبارەت بە ژن، منداڵ و ئەو خێزانانەی کە دووچاری توندوتیژیی شەرەف هاتوون، لەگەڵ دەزگای خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی (سۆسیال) و پۆلیس و لەگەڵ ڕێکخراوی هاوشێوە لە دەرەوەی وڵاتدا بەیەکەوە کاری کردووە (دێکومێنتەکان هەن). بەم شێوەیە IKKR توانیویەتی یارمەتی ژنان و کچان بدا کە هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، یان بەبێ خواستی خۆیان بردراون بۆ دەرەوەی سوید و بەزۆر بەشودراون.
ساڵی ٢٠٠٩ IKKR دەستپێشخەریی کرد لە دامەزراندنی تۆڕێک بۆ ئەو ڕێکخراوانەی کار لەگەڵ یەکسانی و گونجاندن دەکەن لە ستۆکهۆلم، لەلایەن ژنانێکەوە کە پێشینەی پەناهەندەییان هەبوو دروستکرا و بەرێوەیان دەبرد. تۆڕەکە لە ١٥ ڕێکخراو پێک هاتبوو و ٤ ساڵ کاری کرد. چالاکیی سەرەکییان لە تۆڕەکەدا، گۆڕینەوەی ئەزموون و خولی فێرکردن بوو بۆ هەمووان لە ڕێگای کۆنفرانس و چالاکی جۆراوجۆرەوە.
IKKR لەڕێگای هاوکاری و کاری پێکەوەییەوە لەگەڵ شارەوانیەکان و دامودەزگاکانی حکوومەتدا وەک ئەنجومەنی پارێزگای هەرێمی ستۆکهۆلم، کۆنفرانس و چالاکیی دەربارەی گەشەی تواناسازیی بەڕێخستووە.