by admin

بەرهەمەکانمان Egen produktion 

ئێمە ماتریاڵی جیاواز بەرهەم دەهێنین هەم بۆ خولەکانی تواناسازی و گەشەپێدان، وە هەم بۆ لایەنە پەیوەندیدارەن. لە نێو ئەوانەدا فیلم و شانۆ و پێشانگای هونەری.

فیلم
ئێمە کورتە فیلمی دۆکۆمێنتاری بە دوو بۆ سێ زمان بەرهەمدەهێنین بەمەبەستی تێگەیشتنی کۆمەڵگا بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکان بە کارەکانمانەوە بەکار بێت، وە هەم وەکوو ماتریال بۆ خول و کۆڕوکۆبونەوە چ بۆ خۆمان یان لایەنی تر.
بابەتی سەرەکی توندوتیژییە بەرانبەر بە ژن، پەنابەری، یەکسانی، مافی مرۆڤ و مافە مەدەنی و یاساییەکان و دیموکراتی. ماتریالی خوێندنیشمان ئامادە کردووە، بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ فیلمەکان پیشانی گرووپی خۆیان بدەن.
زۆربەی فیلمەکان لەسەر بەسەرهات و ئەزمونی ڕاستەقینە دروست کراون. بەشداربووەکان ئەو کەسانەن کە خۆیان ویستوویانە ئەزموونیان بۆ خەڵکی تر بگێڕنەوە. کە کاریگەریەکەی بەم شێوەیە بووە: بۆ نمونە چەند ژنێک کە ڕوبەڕوی توندوتیژی بوونەتەوە باسیان کردوە کە دوای ئەوەی لە ئینتەرنێت فیلمێکی ئێمەیان بینیوە، ترسیان ڕەویوەتەوە و وێراویانە داوای یارمەتی لە ڕێکخراو و دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەن.
لە کاتی نووسینی سیناریۆ و نەخشەدانان بۆ تۆمارکردنی فیلمێک، زۆر بە وردی لە لایەنی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی کەسێتی ئەو کەسانەی بەشدار دەبن ورد دەبینەوە. هیچ کات بەبێ ڕەزامەندی کەسەکان خۆیان هیچ شتێک بڵاو ناکەینەوە.

پێشانگا
شێوەکاران دەتوانن بەرهەمە هونەرییەکانیان لە بنکەی کۆمەڵایەتی نینادا پیشان بدەن. لەم بارەوە ئێمە هەڵدەستین بە کردنەوەی پێشانگاکە. بانگهێشتکردنی خیزانەکان، لایەنە هاوبەشەکان و پەیوەندیەکانیترمان. ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ گفتوگۆی بە سوود لەبارەی شووناس، کۆچ و پەنابەری، گونجان لە کۆمەڵگە، گەشەی کۆمەڵایەتی و هونەر و زۆر بابەتی تر. دەبێتە هۆکارێکیش بۆ دروستکردن و بەرفراوانکردنی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانمان.

وتار
هەندێ جار وتار لەبارەی بابەتی هەنووکەیی و پێویستەوە دەنووسین و بڵاودەکەینەوە. ئەم وتارانە هەمیشە لەناو وتارە ئەرشیڤکراوەکاندا هەن. وتاری نووسەرانی تریش و هی دەرەوەیش، کە ئێمە پێمان باشە، بڵاویان دەکەینەوە.

لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە Bakom Stängda Dörrar 

لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە، فیلمێکی دۆکۆمێنتاریە، خانەی پارێزگاری نینا بەرهەمی هێناوە، بەو مەبەستەی کە سەرنج بخرێتە سەر کەموکوڕی چارەسەرەکان بۆ ژنانی پەنابەر لە سوید کە دووچاری توندوتیژی ناو خێزان دەبنەوە.
فیلمەکە پێکهاتوە لە چەند گفتوگۆیەکی کاریگەر لەگەڵ چەند ژنێک کە دووچاری توندوتیژی هاتوون و پەیوەندیان بە سەنتەری نیناوە کردووە. هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ هەڵسوڕاوانی ژنان، بەشی خانەی پارێزگار نینا، پسپۆری سوێدی و کوردی لە پیشەی جیاواز و پەیوەندیداردا کراوە. لێرەدا دەبینین کە چۆن لایەنە جیاوازەکانی وەکوو پۆلیس، دەزگای خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و خانەکانی پاراستن مامەڵە لەگەڵ چەند حالەتێکدا دەکەن، هەروەها ئەو ئەنجامە دژوارانەش کە ژنەکان دووچاری بوون. پسپۆرەکان لەو بارەوە دەدوێن کە چۆن کار لەگەڵ بابەتی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەکەن و چۆن دەکرێت چارەسەرکردنەکان باشتر ببێت.

فیلمێکی فێرکاریی کە دەتوانرێ بە کرێ وەربگیرێ

گفتوگۆکان بە کوردین (کوردی ناوەڕاست)، عەرەبی، سوێدی و ئینگلیزی، بۆ هەموو زمانەکانیش تێکستی ژێرەوە هەیە. ئەگەر دەتانەوێ بۆ مەبەستی فێرکاریی فیلمەکە بە کرێ وەربگرن، پەیوەندیمان پێوە بکەن.

ساوان و مێردە ٢٧ ساڵ بەتەمەنترەکەی! Sawan

چیرۆکی ژیانی “ساوان” لە سوێد لەگەڵ مێردە ٢٧ ساڵ بەتەمەنترەکەی. ساڵێک گوزەران لەگەڵ مۆتەکە و دلەڕاوکێدا کە ئاسەوارەکانی لە هەموو ژیانیدا دەمێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە بەتەنیا “ساوان” نییە. ئەوەی بەسەر ئەودا هاتووە، دەکرێ هەر ئێستا بەسەر کەسانێکی تردا بێت. بە تێگەیشتن و سەرنجدانی زیاتر بۆ دۆخەکە، دەتوانین بەیەکەوە گۆرانکاری دروست بکەین. تۆیش دەتوانیت بەشدار بیت لە دروستکردنی ئەو جیاوازی و گۆرانکاریەدا.

تۆش بەبەشداریت دەتوانی گۆرانکاری دروست بکەیت!

بەسەرهاتی گوڵنار – بەشی دووەم: لە ئاوارەییدا بەهیوای ژیانێکی پارێزراو!

گوڵنار لە وڵاتی خۆیدا هەڵدێت بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی دڵنیادا. ئەو لەم فیلمەدا باسی سەفەرەکەی بەرەو سوێد و دۆخی خۆی وەکوو پەنابەر لەم وڵاتە نوێیەدا دەکات.
ئەم بەسەرهاتە جەرگبڕە، ڕەنگە یەکێک لەو ڕووداوانە بێت کە ڕۆژانە لە دەوروبەرمان و لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە ڕوو دەدەن.
خانەی پارێزگاری نینا یارمەتی و پاراستن پێشکەش بەو ژنانە دەکات کە بەهۆی توندوتیژی لەژێر ناوی شەرەفدا دووچاری دۆخی ئاڵۆز و هەڕەشەئامێز هاتوون.
تۆیش بەبەشداریت دەتوانیت گۆرانکاری دروست بکەیت.